کوردستان

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە


راگەیەندراوی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی 
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
لە دوو رۆژی رابردوودا چەند گرووپێکی ئاژاوەگیڕ لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، بەناوی خۆپیشاندانەوە پەلاماری شوێنە گشتییەکان و دامەزراوە حکومی و حزبییەکان و پەلاماری ماڵی ھاووڵاتیان و دوکاندارو بازاڕی خەڵکیشیان داوە. بەسووتاندن و تێکدان و تەنانەت بەشڕەخۆریش، رەوشێکی نالەبارو دژواریان لەناو شارەکاندا دروستکردووە، دیمەنێکی شێواویان لەسەر ژیانی ئاسایی خەڵک دروستکردووەو بوونەتە مەترسیی لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەرێمی کوردستانیش.
ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتێکدا پابەندبوونی خۆمان بە پرەنسیپەکانی ئازادیی و دیموکراسی و مافی خۆپیشاندان و داخوازی رەوای کۆمەڵانی خەڵک دووپات دەکەینەوەو خۆمان بەپێشەنگی چەسپاندنی ئەو پرەنسیپانە لە یاساو بنەما سیاسییەکانی حزبەکەمان دەزانین، رایدەگەیەنین ئەم کردەوەو رەفتارە ناجۆرانە لە تێکدان و سووتاندن و ئاژاوەگێڕیی بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و ئازادیی رادەربڕین و خۆپیشاندانی مەدەنی و یاسایی ناگونجێت. ئێمەش کە خۆمان بەبەرپرسیار دەزانین لە بەرامبەر پاراستنی سەروماڵ و گیانی ھاووڵاتیان و موڵکی گشتی و دەزگا خزمەتگوزراییەکانی شارو شارۆچکەکان بەتایبەتی و خزمەتگوزاریی وێستگەکانی ئاوو کارەبا لەم بارودۆخە دژوارەی زستاندا لەژێر ھەر ناونیشان و پاساوێکدا ئەم جۆرە رەفتارە نادیموکرات و ناشارستانی و ئاژاوەگێڕییە قبوڵ ناکەین، و بەتوندی رەتی دەکەینەوە. پێمانوایە داوای رەواو شەرعیی و دادپەروەرانە سەبارەت بە مووچەو گوزەران و ژیانی شایستە بۆ ھاووڵاتیان و تێکەڵکردنی ئەمانە لەگەڵ کاروکردەوەی ناڕەواو تێکدەرانەو ئاژاوەگێڕانە و رەفتارێکی ترسنۆکانەیە و زیان بە داخوازییە رەواکانی خۆپیشاندەرانی ئاسایی دەگەیەنێت.
ھەروەھا ئەوەش رادەگەیەنین کە ھاندان و دنەدانی میدیا ئاراستەکراوەکان بۆ ئاژاوەگێڕیی بەناوی ئازادیی کاری میدیاییەوە ھەرگیز پەسەندکراو نییە. خوێنی ھەموو ئەو کەسانەش کە دەکرێنە قوربانی بەھۆی ھاندانی نابەرپرسانەوە لە ئەستۆی ئەو کەناڵانەو ئەوانەدایە کە بە ئەجێندای ئاژاوەگێڕیی لەپشتیانەوەن.
داوامان لە دادگاو دەزگا یاسایی و دامودەزگا بەرپرسەکانە کە بەرپرسیارێتی وەزیفی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان بەرامبەر بە ھاووڵاتیان و شارو شارۆچکەکان لە ئەستۆی خۆیان بگرن و ئیجرائاتی قانونی رەواو پێویست دژی ئاژاوەگێڕان و گرووپی پشتیانەوە بگرنەبەر.
بەو بۆنەیەشەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک داواشمان کردووە روو لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە ھەموو ھەوڵەکانی خۆی بۆ باشترکردنی گوزەران و سیستمی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت بەگشتی بخاتەگەڕ، بەتایبەتیش ھی مامۆستایان و ھەروەھا ھی پێشمەرگەو ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش کە پارێزەری ئاشتی و پارێزەری سەروماڵی ھاووڵاتیانن و دوو رۆژی رابردوو ئەرکی زۆریان بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتیی لەئەستۆ بووە.
داوا لە ھەڤاڵان و تێکۆشەران و جەماوەری سەربەرزی یەکێتیش دەکەین کە خۆیان و کەسوکاریان ھەزاران ھەزار قوربانیان بۆ ئازادیی کوردستان داوە، وەک ھەمیشە داکۆکیکاری سەرسەختی رێبازی نیشتمانی و دیموکراسی حزبەکەیان بن، کە رەوتی دەیان ساڵەی خەباتەکەی سەلماندوێتی ھەر ئەوە لەتەنگانەدا پارێزەری دیموکراسی و ئازادی و مافی مەدەنی و نەتەوەیی و نیشتمانیی خەڵکی کوردستانەو حزبەکەتان و ئۆرگانەکانی لەگەڵ حزبەکانی تر کە نیشانەی فرەییە، بپارێزن. بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان لەئاسوودەیی و ئاسایشدا بژین و دیموکراسی و ئازادیییەکەیان پارێزراو بێت لەدەست ئەوانەی سەلماندیان مانای دیموکراسی و ئازادی و فرەیی نازانن.
داواش لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین، کە دیمەنی دیموکراسیی کوردستان پێکدێنن، بەرپرسانە سەنگەری خۆیان لە بەرەی پاراستنی ئەم ئەزموونەی کوردستان پتەوبکەن و بەشداربن لە پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە ھەر ھەڕەشەیەکی ئاژاوەگێڕانە و تیرۆریستانی خۆ مەڵاسدەر کە ئەجێندای دوژمنانی گەلەکەمان جێبەجێ دەکەن.
پاراستنی ئەو ئەزموونە بەبەشداریی ھەموومان ھەلومەرجێکی لەبارتر بۆ چوون بەرەو ھەڵبژاردنێکی دیموکراتی و پاک و بێگەرد فەراھەم دەکات، بۆ ھێنانەکایەی حکومەتێکی نوێ کە لەگەڵ خواستی قۆناغێکی نوێی گەلەکەمان و ھێزە سیاسییەکاندا بگونجێت کە حکومەتێکی دیموکرات و خزمەتگوزار بێت. 
ئەنجومەنی سەرکردایەتیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١٩/١٢/٢٠١٧



3 ساڵ پێشتر - Dec 19 2017 10:14PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
18/03/2018
18/03/2018