روسیا، ئۆکراین، تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتن لەسەر پێکھێنانی ناوەندێکی ھەماھەنگی بە مەبەستی دڵنیابوون لە سەلامەتی ئەو رێگایانەی کە گەنم و دانەوێڵەیان پێدا ھاوردە دەکرێت.
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، ھەفتەی داھاتوو ھەموو لایەنەکان جارێکی دیکە کۆدەبنەوە و رێککەوتنێک واژۆ دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، لایەنەکان لەسەر کۆنتڕۆڵی ھاوبەش بۆ پشکنینی دانەوێڵەکان لە بەندەرەکان رێککەوتوون.
ئەم رێککەوتنە دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ شاندی سەربازی روسیا و ئۆکراین و تورکیا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەستەنبوڵ کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراین لە بەندەری ئۆدێسا لە دەریای ڕەش.