قەرەیلان: بوونی پەکەکە لە قەندیل بە پێی ڕێککەوتنێک بووە

2021-06-10   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
(موارد قەڕەیڵان) ڕایگەیاند، ئامادەی لێکۆڵینەوەن لەو ھێرشەی کرایە سەر پێشمەرگە لە چیای مەتین لە ئامێدی، کە بەھۆیەوە ٥ پێشمەرگە شەھید بوون.

(موارد قەڕەیڵان) ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ستێرک تیڤی ڕایگەیاند: لەگەڵ ئەوەی پەیوەندیان لەگەڵ پارتی ھەیە، بەڵام لەناردنی ئەو ھێزە بۆ چیای مەتین ھیچ ھەماھەنگییەکیان لەگەڵ نەکراوە و ھاتنی ئەو ھێزە زۆرە بۆ شەڕ بووە.


(موارد قەڕەیڵان) ڕەتیکردەوە، پەکەکە بە مووشەکەی ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەی کردبێتە ئامانج و داوایکرد لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکرێت. (موارد قەڕەیڵان) ڕاشیگەیاند: بوونی پەکەکە لە قەندیل، بە پێی ڕێککەوتنێک بووە.


قەرەیڵان ئاشکراشیکرد "پێش سێ مانگ لە ڕێگەی دۆستەکانیان لە تورکیا پەیامی ئەردۆغانیان پێگەیشت کە داوای ئاگربەستی لە باکوری کوردستان کردووە، لە بەرامبەردا حکومەتی ئەنقەرە بەرامبەر چالاکییەکانی پەکەکە لە بەشەکانی تری کوردستان بێدەنگ دەبێت، بەڵام ھەرزوو سەرکردایەتی قەندیل لەو گەمە و پیلانەی تورکیا تێگەیشتن، ھەوڵیاندا ئەو پیلانەی تورکیا بۆ سەرکردایەتی پارتی ڕوون بکەنەوە بەڵام دەرفەتیان نەڕەخساند".