بانکی ناوەندی: ھیچ پلانێک نییە بۆ بەرزکردنەوەی بەھای دینار تا ٥ ساڵ

2022-07-10   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
عەمار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی عێراق ھیچ ھۆکارێک نابینێت بۆ گۆڕینی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار و ھیچ پلانێکی داھاتووی نییە بۆ ئەوەی لە سێ بۆ پێنج ساڵی داھاتوودا ئەو کارە بکات.

ئاژانسی ھەواڵی عێراق لەسەر زاری جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بڵاویکردەوە، بانکی ناوەندی عێراق ھیچ ھۆکارێک نابینێت بۆ دابەزاندنی بەھای دۆلار و دراوەکانی دیکە بەرامبەر بە دینار و پلانیشی نییە لە سێ بۆ پێنج ساڵی داھاتوودا ئەو کارە بکات.

مانگی ٤ی ئامساڵ دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ سێیەم جار لەسەر ئەو پرسە کۆبووەوە و داوایەکی بۆ بەرزکردنەوەی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار ڕەتکردەوە و کەیسەکەی داخست.

ھەروەھا سکاڵاکان کە لە دژی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی تۆمارکرابوون ڕەتکرانەوە و دادگاکە دۆسیەکەی داخست.