کیسنجەر سێ سیناریۆی بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگی ئۆکراین دیاری کردوە

2022-07-01   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ھێرش و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ڕوسیا بۆسەر ئۆکراین، چوار مانگی تێپەڕاندوو تا ئێستاش ھیچ ئاسۆیەکی ڕوون بەدی ناکرێت بۆ کۆتایی ھێنان بە ئۆپراسیۆنەکە.

لەئێستاشدا ھێرشەکانی ڕوسیا لە ناوچەکانی باشور و ڕۆژھەڵاتی ئۆکراین چڕتر بووەتەوە و، مۆسکۆ لە ھەوڵی داگیرکردنی پانتایەکی فراوانتری خاکی ئۆکراینە.

لە نوێترین سەرنجدا سەبارەت بەداھاتووی جەنگی ئۆکراین، ھێنری کیسنجەر، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سێ سیناریۆی دیاریکردووە، بۆ کۆتایی ھێنان بە جەنگەکە.

کیسنجەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری (زە سپێکتەیتەر)ی بەریتانی دەڵێت جەنگی ئۆکراینا لەبەردەم سێ سیناریۆدایە، بۆ ئەوەی جەنگەکە کۆتایی بێت.

بە پێی یەکەم سیناریۆ، ئەگەر ڕوسیا ڕاوەستێت لەو سنورەی کە تا ئێستا پێی گەیشتووە لەناو خاکی ئۆکراین، نزیکەی لە ٢٠%ی خاکی ئۆکراین و بەشێکی گەورەی ھەرێمی دۆنباس و ناوچەی پیشەسازیی  و کشتوکاڵی وڵاتەکەی داگیر کردووە.

بەشێکی زۆری داگیرکارییەکانیش کەوتوونەتە سەر ناوچەکانی نزیک لە کەناری دەریای ڕەش، بۆیە ئەگەر ڕوسیا بگاتە ئەو بڕوایەی لەسنورەدا جەنگەکە ڕابگرێت، ئەوا بە سەرکەوتن بۆی حساب دەکرێت.

کیسنجەر ئاماژە بەوە دەکات، ڕۆڵی دەوڵەتانی ناتۆ لەم حاڵەتەدا، چیتر ئەرکەکانیان ئەوە نابێت، کە لە ڕابردوودا بەرامبەر بە ڕوسیا پیادەیان کردووە.

سەبارەت بە سیناریۆی دووەمیش، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئەم سیناریۆیەیان خۆی دەبینێتەوە لە دەرکردنی ڕوسیا لە تەواوی خاکی ئۆکراین، بە نیمچە دورگەی کریماشەوە. 

کیسنجەر پێی وایە، ئەگەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ڕوسیا بەردەوام بێت و کۆمەکە سەربازییەکانی ناتۆش بۆ ئۆکراین بەردەوام بێت، مەترسی ئەوە ھەیە وڵاتانی خۆرئاوا بکەونە ناو جەنگێکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ڕوسیادا.

سەبارەت بە کۆتا سیناریۆش، گەڕانەوەیە بۆ ڕەوشی بەر لە ٢٤ی شوباتی ڕابردووی بەر لە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکانی ڕوسیا، لەم حاڵەتەشدا جارێکی تر بابەتی پڕچەککردنی ئۆکراین لە لایەن ناتۆوە دێتە پێشەوە و حکومەتی کیێڤ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپا بەھێزتر دەکات، ئەم ھەنگاوانەش ھەمووی بۆ زەمینەسازییە بۆ بوون بە ئەندام لە ڕێکخراوی ناتۆ  .