کاری فراوانکردن و بنیادنانەوەی فرۆکەخانەی ناسریە جێبەجێ دەکرێت

2021-06-09
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
حکومەتی عێراق و کۆماری چینی میلی گرێبەستێک بە ئامانجی بنیادنانی فڕۆکەخانەی ناسریە ئیمزا دەکەن.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران گرێبەستی بنیادنان و فراوانکردنی فڕۆکەخانەی ناسریەی نێودەوڵەتی ئیمزا کرا.


ئیمزای گرێبەستەکە لە نێوان (نائل سەعد) سەرۆکی دەسەڵاتی فرۆکەوانی عێراق و (جین کیو) بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی چین بۆ ئەندازیاری تەلارسازی ئەنجامدرا، کە بە تەواوبوونی ئەم فڕۆکەخانەیە توانای ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گواستنەوە لە باشوری عێراق پێدەنێتە قۆناغێکی دیکەوە.


بنیادنانەوەی فڕۆکەخانەی ناسریەی نێودەوڵەتی دوای ئەوە دێت کە لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوو لە میانی کۆبوونەوەی نێوان (تشانغ تاو)ی کۆنسوڵی چین لە بەغدا و (حەمید نەعیم) ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، کە تیایدا چین بڕیاری ھەموو ھاوکاریەکیان لەو بوارەوە خستەڕوو.