روسیا ھەزار دیلی ئۆکراینی بۆ لێکۆڵینەوە دەباتە مۆسکۆ

2022-06-08   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
شەش ھەزار و ٤٨٩ سەرباز و ھاووڵاتی ئۆکراینی کەوتوونەتە دەست ھێزەکانی روسیا، کە زیاتر لە ھەزار کەسیان بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی مۆسکۆ دەکرێن.

سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگریی روسیا رایگەیاند، تەنھا لە پێنج رۆژدا ١٢٦ سەربازی ئۆکراینی خۆیان رادەست کردووە و ئێستا شەش ھەزار و ٤٨٩ دیلی ئۆکراینی لە دەستی ھێزەکانی روسیادایە، کە نزیکەی دوو ھەزار کەسیان لە کارگەی پیشەسازیی ئازۆڤستاڵ لە شاری ماریۆپۆل خۆیان رادەستکرد.

ئاژانسی ھەواڵیی تاسی روسی، لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کرد، زیاتر لە ھەزار سەربازی ئۆکراینی، کە لە شاری ماریۆپۆل خۆیان رادەستی ھێزەکانی روسیا کردووە، بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی مۆسکۆ دەکرێن و لە ماوەی داھاتووشدا بەشێکی تر لە دیلە ئۆکراینییەکان بۆ ھەمان مەبەست بۆ روسیا دەگوازرێنەوە.