قەدەغەی گەشتکردن سەپێنرا بەسەر سەرۆکی پێشووی ئۆکراین

2022-05-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
قەدەغەی گەشتکردن سەپێنرا بەسەر پێترۆ پۆرۆشینکۆ سەرۆکی پێشووی ئۆکراین و رۆژی شەممە رێگری لێکرا ئۆکراین بەجێبھێڵێت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئۆرگانێکی ناتۆ لە لیتوانیا.

فراکسیۆنی پەرلەمانیی پارتەکەی سەرۆکی پێشووی ئۆکراین لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، پۆرۆشینکۆ دوو جار لە دەروازەیەکی سنووری لەگەڵ پۆڵەندا ڕاگیراوە، لەکاتێکدا لە ڕێگادا بووە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پەرلەمانی ناتۆ.

میدیاکانی ئۆکراین بڵاویانکردەوە، پۆرۆشینکۆ مۆڵەتێکی پێبووە کە رێگەی پێدەدات گەشت بکات، بەڵام بەھۆی "کێشەی تەکنیکی" نەیتوانیوە سنوورەکان ببڕێت.

فراکسیۆنی سەر بە پارتەکەی سەرۆکی پێشووی ئۆکراین رایگەیاند: "پۆرۆشینکۆ ھەموو مۆڵەتە فەرمیەکانی وەرگرتبوو بۆ جێھێشتنی وڵاتەکە و مۆڵەتەکانی پەسەند کرابوون."

بڕیار بوو پۆرۆشینکۆ ژمارەیەک کۆبوونەوە لە ئاستی باڵا لە ڤیلنیۆس ئەنجام بدات، لەنێویاندا کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی لیتوانیا، گیتاناس ناوسێدا. ھەروەھا ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیاربوو بەشداری کۆبوونەوەیەکی پارتی گەلی ئەوروپا بکات لە شاری رۆتەردام.