ئۆکراین دانی نا بە پاشەکشەی ھێزەکانی لە بەرامبەر پێشڕەوی سوپای ڕووسیا

2022-05-28   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
حکومەتی ئۆکراین دانی بەوەدا نا لە ژێر ھێرشی قورسی سوپای ڕووسیا و لە ترسی دەستبەسەرکردنی ھێزەکانی و لێپرسراوەکانی حکومەت، لە ناوچەکانی ڕۆژھەڵات و باشوری ڕۆژھەڵاتی وڵاتەکەیان بە ناچاری پاشەکشەیان کردووە.

میدیا جیھانییەکان بڵاویانکردەوە، سوپای ڕووسیا لە ھەردوو ناوچەی دۆنێتسک و لوھانسک پێشڕەوی گەورەی کردووە و، زیانی گەورەش بەر ژێرخانی ئابوری ڕۆژھەڵاتی ئۆکراین کەوتووە.

حاکمی ویلایەتی لۆھانسک ڕایگەیاند، ھێزەکانی ڕووسیا لە پێشڕەویدان، دوای ئەوەی ماوەی چەند ڕۆژێک بوو سوپای ڕووسیا گەمارۆی ھێزەکانی ئۆکراینی دابوو لە ناوچەکە.

لە بەرامبەر ئەو گۆڕانکاریانەش ڤۆلۆدیمیر زیلنسکی سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند، ئۆکراین بەو توانایانەی لەبەردەستیدایە، بەرگری لە وڵاتەکەی دەکات.

پێشڕەوییەکانی سوپای ڕووسیا لە کاتێکدایە، ماوەیەک لەمەوبەر ھێزەکانی ئۆکراین لە ھێرشێکی پێچەوانەدا ھێزەکانی ڕووسیای ناچار کرد، لە بەشی ڕۆژھەڵاتی ئۆکراین پاشەکشە بکات.

ھێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین ماوەی سێ مانگە درێژەی ھەیە و ھیچ ئاسۆیەکیش لە ئارادا نییە، بۆ ئەوەی بەم نزیکانە جەنگەکە کۆتایی پێبھێندرێت.