خوێندکارە کوردەکانی ئۆکراین لە رێگەی کوردسات نیوزەوە باس لە ژیانیان دەکەن

2022-05-22   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەشێک لەو خوێندکارانەی ھەرێمی کوردستان لە دوای جەنگی روسیا دژی ئۆکراین گەڕانەوە بۆ ھەرێم، ئێستا دەستیان بە گەڕانەوە کردووەتەوە بۆ شارە ئارام و دوور لە شەڕەکانی ئۆکراین.

باوەڕ عومەر کە یەکێکە لەو خوێندکارانەی گەڕاوەتەوە بۆ ئۆکراین بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بە فڕۆکە دەچنە وڵاتانی دراوسێی ئۆکراین و لەوێشەوە بە رێگەی وشکانی دەچنەوە بۆ ئۆکراین.

لەبارەی رەوشی ئەو وڵاتەشەوە ئەو خوێندکارە رایگەیاند، لە خۆرھەڵات شەڕ بەردەوامە و لە ناوەڕاست و خۆرئاوای ئۆکراین ئارامییەکی رێژەیی ھەیە، بەڵام ھێشتا ژیان ئاسایی نەبووەتەوە و شەقامەکان پڕن لە سەرباز و ھێزە ئەمنییەکان.

وتیشی، نرخی خۆراک و سوتەمەنی بە رێژەیەکی زۆر بەرزبووەتەوە و سەرەیان بۆ دەگیرێت و ھەر کەسێکیش رۆژانە تەنھا دەتوانێت رێژەیەکی دیاریکراوی سوتەمەنی وەربگرێت.

لەبارەی دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندنیش باوەڕ عومەر دەڵێت، بەھۆی ترسی بۆردومان و ئەگەری بەردەوامیی شەڕەکەوە ھێشتا خوێندنی روبەڕو دەستیپێنەکردووەتەوە و وانەکان بە ئۆنلاین دەخوێنرێن.