ئەمریکا دووبارە باڵیۆزخانەکەی لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراین کردەوە

2022-05-19   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
دوای سێ مانگ لە داخستنی، ئەمریکا باڵیۆزخانەکەی لە "کیێڤ"ی پایتەختی ئۆکراین کردەوە.

"ئەنتۆنی بلینکن" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، گەلی ئۆکراین بە پاڵپشتی ھاوکارییە ئەمنییەکانی ئەمریکا بەرگرییان لە خاکی وڵاتەکەیان کرد و ڕووبەڕووی ڕووسیا بوونەوە، لە ئەنجامی ئەوەش ئەمریکا باڵیۆزخانەکەی لە "کیێڤ"ی پایتەخت کردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی ٣ مانگ بەھۆی جەنگی ڕووسیا لە ئۆکراین داخرابوو.

باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە "کیێڤ" بڵاویکردەوە، ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاران دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، بەڵام ھێشتا ئەو ھۆشدارییەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەریکردووە سەبارەت بە گەشت کردن بۆ ئۆکراین، بەردەوامە. 

بەر لە ئەمریکاش، وڵاتانی تر وەک فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا لە مانگی ڕابردوو باڵیۆزخانەکانیان لە "کیێڤ" کردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ھێزەکانی ڕووسیا لە پایتەخت کشانەوە و ھێرشەکانیان بۆ سەر خۆرھەتی ئۆکراین دەستپێکرد.