چاوەڕوان دەکرێت ئێران و سعودیە بڕیار لە کردنەوەی باڵیۆزخانەی یەکتر بدەن لە وڵاتەکانیان

2022-05-18   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە داھاتوویەکی نزیکدا بە ناوبژیوانی عێراق، خولێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و سعودیە لە بەغداد بەڕێوەدەچێت.

ئاژانسی ھەواڵی فارس نیوزی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی پەرلەمانی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوەی ھەردوولا بەڕێوەدەچێت، و حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران و فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە بەشداری تێدا دەکەن.

بڕیاریشە ھەردوولا لە گفتوگۆکانیان باس لە پەیوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو وڵات بکەن، بە تایبەتی کردنەوەی باڵیۆزخانەکان و چەند کاروبارێکی ھەرێمایەتی وەک قەیرانی یەمەن.

لە دوای ساڵی ٢٠١٦وە بەھۆی لە سێدارەدانی نەمر نەمر کەسایەتی شیعەی سعودیە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕیازەوە، پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران پچڕاوە، ھەر لەو کاتەشدا باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی سعودیە لە تاران و مەشھەد ڕووبەڕووی ھێرشی خۆپیشاندەرانی ئێرانی بوونەوە و داخراون.

لە ساڵی ٢٠٢١ەوە سعودیە و ئێران چەند خولێکی گفتوگۆیان لە عێراق ئەنجامداوە، ھەردوولاش ئامادەییان نیشانداوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان.