قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی باڵای بۆ رێکخستنەوەی پرۆسەی تاقیکردنەوەی وزاری پۆلی ١٢ ئەنجامدا

2022-05-17   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای کرد بۆ رێکخستنەوەی پرۆسەی تاقیکردنەوەکانی وەزاری پۆلی ١٢ و ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەکان لە کەشێکی ئارام و بێ کێشەدا.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی چارەسەرکردنی ھەموو کێشە و گرفتەکانی بەردەم بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان و بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە درا.

کۆبوونەوەکە بە بەشداری ھەر یەکە لە وەزیرەکانی پەروەردە، خوێندنی باڵا، ناوخۆ، کارەبا، پێشمەرگە، گواستنەوە و گەیاندن و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو.

وەزارەتی کارەبا ڕاسپێردرا ئامادەکاری تەواو بکات بۆ ئەوەی کارەبای بەردەوام بۆ ھۆڵی تاقیکردنەوەکان دابین بکات، ھەرەوەھا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش ڕاسپێردرا لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت ھەماھەنگی تەواو بکات بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چۆنییەتی مامەڵکردن لەبارەی ئەو پرسەوە بدرێت.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا؛ لە ھەموو شارەکان ژووری ئۆپەراسیۆنی تایبەت پێکبھێنرێت بۆ ھەماھەنگی کردن لە نێوان ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان. تاوتوێی چۆنییەتی رێکخستنی بەشداریکردنی ئەو خوێندکارانەش کرا کە لە ریزی ھێزە ئەمنی و سەربازییەکاندان.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە کە؛ دەبێت ئامادەکارییەکان بە جۆرێک بکرێت کە خوێندکاران بێ گرفت تاقیکردنەوەکان ئەنجام بدەن و شکۆ و رێزی مامۆستایانی بەڕێزیش پارێزراو بێت.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پرۆسەی وەرگرتنی خوێندکاران کرا لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا و بڕیاردا ئامادەکاری بۆ ئەو پرسەش بکرێت.