زیاتر لە ٢٦٠ سەربازی تری ئۆکراین لە کۆمەڵگەی پیشەسازی "ئازۆڤستاڵ"ی گەمارۆدراو ڕزگارکران.
وەزارەتی بەرگری ئۆکراین ڕایگەیاند، زیاتر لە ٢٦٠ سەرباز کە ٥٣ یان بریندارن، لە کۆمەڵگەی پیشەسازی ئازۆڤستاڵ ڕزگارکراون و لە ئێستاشدا بریندارەکان چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت و ڕەوشی تەندروستی ژمارەیەکیان ناجێگیرە.
لەلایەکی تریشەوە فادیم بۆیچینکۆ سەرۆکی شارەوانی ماریۆپۆل کوژرانی ١٥ ژنی لە سوپای ئۆکراین و کارمەندانی کەرتی تەندروستی لە ناو کۆمەڵگەی ئازۆڤستاڵ ڕاگەیاندووە.
کۆمەڵگەی پیشەسازی ئازۆڤستاڵ، کۆتا ناوچەیە کە لە شاری ماریۆپۆل لە ژێر کۆنترۆڵی ئۆکرایندا مابێت و لەلایەن ھێزەکانی ڕووسیاوە گەمارۆدراوە، تا ئێستاش سەدان کەس لەو کۆمەڵگەیەدا ڕزگارکراون و گواستراونەتەوە.