دەرباز کۆسرەت رەسول: یەکێتی پێداگری دەکات لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەکەی لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک

2022-05-16   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٢ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری ھەولێر، دەرباز کۆسرەت رەسول کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازی کرد لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و وەفدی ھاوڕێی و رایگەیاند، یەکێتیی خاوەنی ستراتیژی خۆیەتی و پێداگری دەکات لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەکەی لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک و جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد.

لە دیدارێکدا کە ھەریەک لە خالید شوانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و رۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی کوردستان و عێراق.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا دەرباز کۆسرەت رەسول ستایشی ھەوڵەکانی باڵیۆز ماتیۆ تولەری کرد، کە لە ماوەی رابردوودا رۆڵی ئیجابی گێڕاوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان و ئەمریکادا.

بەشێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق و دۆخی ھەرێمی کوردستان، دەرباز کۆسرەت رەسول دیدو تێڕوانینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ پرسەکان خستەڕوو، دووپاتی کردەوە کە یەکێتیی خاوەنی ستراتیژی خۆیەتی و پێداگری دەکات لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەکەی لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک و جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا ھەریەک لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و دەرباز کۆسرەت رەسول گفتوگۆی وردی پێشھات و رووداوەکانیان کردو جەختیان لە بەشداری سەرجەم ھێزو لایەنە سیاسییەکان کرد لە پرۆسەکەو بەپێویستیانزانی لەسەر مێزی گفتوگۆو بە لێکتێگەیشتن کێشەکان چارەسەر بکرێت.