کاتی بەڕێوەچوونی دیداری گشتی یەکێتی راگەیەنرا

2022-05-16   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رۆژی ٢٨ی ئەم مانگەی دیاریکرد وەک کاتی بەڕێوەچوونی دیداری گشتی لە سلێمانی و بڕیارە ماوەی دیدارەکە سێ بۆ چوار رۆژ بخایەنێت.

لە راگەیەندراوێکیدا، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند دیداری یەکێتی رۆژی ٢٨ی ئەم مانگە ساز دەکرێت و دەخایەنێت و تێکەڵ بەیادی دامەزراندنی یەکێتی و دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان دەکرێت.

دیدارەکە لەدوای بەڕێوەچوونی زنجیرەیەک لە دیداری دیکە دێت لە بادینان، کەرکوک، ھەولێر، گەرمیان، خانەقین، راپەڕین، ھەڵەبجە، سلێمانی و بەغدا.

لەبارەی دیدارەکە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، " (دیداری یەکێتی) کە بە پەرۆشییەوە ‌دەستمان داوەتێ و مەبەستمانە لە فراوانترین و بەرزترین ئاستدا سەرپێی بخەین. لەم روانگەوەیەوە دەبێتە دیداری خەمخۆری و ھەوڵی یەکێتییانەیە بۆ نوێبونەوەو چاکسازی و بەھێزکردنی پێگەی یەکێتییە لە ھەموو ئاستەکان."

وتیشی، " ئەم دیدارە بانگەوازێکی ھەڤاڵانەو نیشتمانییانەیە بۆ تاوتوێ کردنی واقعی ئێستای یەکێتی و ناسنامەکەی، بۆ نوێکردنەوەی گوتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانییەتی، بۆ ئەوەی بە دیدگایەکی نوێوە ئامادەبێت ئەرکەکانی سەرشاشنی جێبەجێ بکا و سەرەنجام باشتر خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک و خاکی کوردستان بکات، بۆ سبەینێیەکی باشتر کوردستانێکی ئاوەدان بۆ ھەمووان، بێ جیاوازی، فەراھەم بکات."