وەفدێکی یەکێتی بەشداری پرسەی سەرۆکی پێشووی ئیمارات دەکات

2022-05-16   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بە مەبەستی گەیاندنی پرسەو ھاوخەمی یەکێتی بۆ کۆچی دوایی خەلیفە بن زاید ئالنەھیان سەرۆکی پێشووی ئیمارات، وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی کونسوڵخانەی ئیماراتیان کرد لە ھەولێر.

وەفدێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی دەرباز کۆسرەت رەسول کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ئەندامیەتی خالید شوانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و د. دارا رەشید ئەندامی سەرکردایەتی، ھاوخەمی یەکێتیان گەیاندە وڵاتی ئیمارات بەبۆنەی کۆچی دوایی سەرۆکی پێشووی ئیمارات.

لەمیانی سەردانەکەدا دەرباز کۆسرەت رەسول پرسەو سەرەخۆشی و ھاوخەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان ئاراستەی گەل و وڵاتی ئیمارات کرد بۆ کۆچی دوایی خەلیفە بن زاید ئالنەھیان، سەرۆکی پێشووی ئیمارات.

رۆژی ھەینی خەلیفە بن زاید ئال نەھیان، سەرۆکی ئیمارات لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا کۆچی دواییکرد. 

ئەنجوومەنی باڵای ئیمارات لە کۆشکی ئەلمشریف لە ئەبوزەبی بە سەرۆکایەتی محەمەد بن رەشید ئالمەکتوم، جێگری سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی ئیمارات و فەرمانڕەوای دوبەی کۆبووەوە، بەپێی ماددەی ٥١ی دەستووریش، بە کۆی دەنگ محەمەد بن زاید ئال نەھیان بە سەرۆکی نوێی دەوڵەتی ئیمارات ھەڵبژارد.