چوارچێوەی ھەماھەنگی: پابەندین بە راسپاردنی کاندیدێکی سەربەخۆ و بێلایەن

2022-05-16   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی سەربەخۆکانی دایەوە و پابەندبوونی خۆی بە راسپاردنی کاندیدێکی سەربەخۆ و بێلایەن بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ دوپاتکردەوە.

چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە دواداچونیان بۆ دەرەنجامی کۆبونەوەکەی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان و بزوتنەوە نوێیەکان کردوە و ئەنجامی ئەو کۆبونەوەیە لەگەڵ ھەوڵەکانی چوارچێوە دەگونجێت بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئەو قەیرانە سیاسییەی عێراقی تێکەوتووە.

 چوارچێوەی ھەماھەنگی پێشوازی لەو ھەنگاوانە کردوە کە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان دەینێن بەتایبەتی کە ھەونگاوەکانیان لەبارەی پێکھێنانی حکومەت و پاراستنی مافی زۆرینە زۆر نزیکن لەو دەستپێشخەریەی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە رۆژی ٣ی ئەم مانگەدا بڵاویکردەوە.

ھەر لەو راگەیەندراوەدا چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان داوای دانوستانی راستەوخۆی لایەنەکانی کردوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، داواشی کردوە لایەنەکان بە ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ دەستپێخەرییەکەی سەربەخۆکان بکەن و پابەندبوونی خۆشی بە راسپاردنی کاندیدێکی بێلایەنی کارامە بۆ پێکھێنانی حکومەت دوپاتکردۆتەوە بۆ تێپەڕاندنی چەقبوستویی سیاسی لە عێراقدا.