گەشتی فڕۆکەخانەکانی بەغداد و سلێمانی و نەجەف بەھۆی کاریگەری خۆڵبارین بۆ کاتێکی نادیار راگیران.
شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین پارێزگاکانی عێراق و چەند ناوچەیەکی ھەرێمی گرتووەتەوە، بەھۆیەوە سەدان کەس رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون و دەوام لە چەند پارێزگایەکیش راگیرا.
بەھۆی کاریگەری خۆڵبارین وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردەی عێراق تاقیکردنەوەکان و دەوامی خوێندنگە و زانکۆ و پەیمانگاکانیان بۆ ئەمڕۆ راگرت. لە پارێزگاکانی بەغداد و نەجەف و بابل و دیالە و کەرکوک و واست و دیوانیەش پشووی رەسمی لە فەرمانگە حکومییەکان راگەیەندرا.
ھاوکات گەشتی فڕۆکەخانەکانی بەغداد و سلێمانی و نەجەف بەھۆی کاریگەری خۆڵبارین بۆ کاتێکی نادیار راگیران. تەندروستی کەرکوکیش رایگەیاند، بەھۆی تەنگەنەفەسی، بەیانی ئەمڕۆ ١٣٨ کەس رەوانەی نەخۆشخانە کران و بەھۆی تێکەڵبوونی ماددەی زیانبەخش بە خۆڵەکە و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کۆئەندامی ھەناسە، خۆڵبارینی ئەمجارە مەترسیدارە و پێویستە ھاووڵاتیان خۆیان بپارێزن.
ئەو شەپۆلی خۆڵبارینە پارێزگاکانی سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینیشی گرتووەتەوە و ئاستی بینین زۆر کەمبووەتەوە. دەستەی کەشناسی عێراقیش رایگەیاند، کاریگەری ئەو شەپۆلی خۆڵبارینە تاکو ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.