ناتۆ لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا ٢١٩ ملیۆن دۆلاری بە عێراق و باکوری سوریا بەخشیوە

2022-05-15   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
رێکخراوی ناتۆ بڕی ئەو ھاوکارییانەی ئاشکرا کرد لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا پێشکەشی ھێزە عێراقییەکان و ھێزەکانی باکور و خۆرھەڵاتی سوریای کردووە.

قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیستمانیی عێراق لەگەڵ جیۆڤانی لانوچی، فەرماندەی نوێی نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێراق کۆبووەوە، ئەعرەجی جەختی لە داخستنی کەمپی ھۆل لە سوریا کردەوە و داوای کرد لە نزیکترین کاتدا کۆتایی بەو دۆسێیە بھێنرێت، فەرماندەکەی ناتۆش ئاماژەی بە گرنگی ھەوڵەکانی روبەڕوبوونەوەی داعش لە عێراق کرد.

ناتۆ لە راگەیەندراوێکیشدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی ٢١٩ ملیۆن دۆلاریان پێشکەشی ھێزە عێراقییەکان و ھێزەکانی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا کردووە بۆئەوەی بتوانن بەسەر داعشدا زاڵ ببن.

بەپێی راگەیەندراوی ناتۆ لە ساڵی ٢٠١٤ تائێستا ئەمریکا بڕی ھەشت ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلاری پێشکەشی ئەو ھێزانە کردووە دژی داعش دەجەنگن.