لە سەعات ٧ی بەیانییەوە پڕۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی لوبنان دەستیپێکرد، پڕۆسەکە تاکو سەعات ٧ی ئێوارەش بەردەوام دەبێت و سبەینێ ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردن ئاشکرا بکرێن.
لەم ھەڵبژاردنەدا ١٠٣ قەوارەی سیاسی، بە ٧١٨ کاندید، لە ١٥ بازنەی ھەڵبژاردندا، کێبڕکێ لەسەر ١٢٨ کورسیی پەرلەمان دەکەن، سێ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار لوبنانییش مافی دەنگدانیان ھەیە، کە ٢٢٥ ھەزار کەسیان لە دەرەوەی وڵاتن.
نەجیب میقاتی، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، بەشداری دەنگدانی کرد و رایگەیاند، پڕۆسەکە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەدەچێت، ھاوکات زیاتر لە ٢٠ ھەزار ئەندامی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ٤٥ ھەزار سەربازی سوپا بۆ پاراستنی ئاسایشی ھەڵبژاردنەکە بڵاوەیانپێکراوە.
بەڕێوەچوونی ئەو ھەڵبژاردنە لە کاتێکدایە، چەند ساڵیکە لوبنان بەدەست قەیرانی سەختی ئابوورییەوە دەناڵێنێت و بەھای دراوی وڵاتەکە بەرامبەر دۆلار، ٩٠%ی بەھاکەی لە دەستداوە.