نیویۆرک تایمز: سوپای ڕوسیا لە ئۆکراین ڕوبەڕوی شکست بووەتەوە

2022-05-08   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لەگەڵ ئەوەی ڕوسیا لەم مانگەدا ئاھەنگی ساڵیادی سەرکەوتنی وڵاتەکەی بەڕێوەدەبات، بەڵام سوپاکەی لە ئۆکراین ڕوبەڕوی شکست بووەتەوە.

ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، سوپای ڕوسیا دوای ئەوەی شکستی ھێناوە لە کۆنترۆڵکردنی کیێڤی پایتەختی ئۆکراین، قورسایی ھێرشەکانی چڕکردووەتەوە لە بەشی خۆرھەڵاتی ئۆکراین، بەڵام بێ ئەوەی ھیچ پێشڕەویەکی ئەوتۆ بکات.

نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ ئەوەی ڕوسیا لە سبەینێیەوە ئاھەنگ دەگڕێت بە بۆنەی ساڵیادی سەرکەوتنەکانی لە جەنگی دووەمی جیھانی، بەڵام سوپای وڵاتەکەی لە شەڕی ئۆکراین ڕوبەڕوی شکست بووەتەوە.

ڕۆژنامەکە ھۆکاری شکستەکەی بەستووەتەوە بەو چەکە پێشکەوتوانەی، کە ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی داویانە بە ئۆکراین و وایکردووە سوپای ئەو وڵاتە ھێرشی پێچەوانە بکاتەوە سەر سوپای ڕوسیا.

ماوەی زیاتر لە ٧٠ ڕۆژە سوپای ڕوسیا ھێرشێکی فراوانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئۆکراین دەسپێکردووە، کە لە ئێستادا بە درێژایی ٤٨٢ کیلۆمەتر لە سنوری نێوان ئۆکراین و ڕوسیا شەڕ بە قورسی بەڕێوەدەچێت.