سەرۆکی چیچان کۆنتڕۆڵکردنی شارێکی لە خۆرھەڵاتی ئۆکراین راگەیاند

2022-05-08   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
رەمەزان قەدیرۆڤ، سەرۆکی چیچان، کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی شارێکی لە خۆرھەڵاتی ئۆکراین لە لایەن ھێزی سەربازیی وڵاتەکەیەوە راگەیاند، بەڵام بەرپرسانی ئۆکراین دەڵێن، شارەکە کۆنتڕۆڵنەکراوە و ھێشتا شەڕ بەردەوامە.

رەمەزان قەدیرۆڤ، سەرۆکی چیچان، کە خۆی بە سەربازی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا ناوبردووە، ئاماژەی بەوەکرد، ھێزە تایبەتەکانی چیچان، شاری "پوپاسنا"یان لە ھەرێمی لۆھانسک لە خۆرھەڵاتی ئۆکراین بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵکردووە و دەستیان بە پاککردنەوەی شەقامە سەرەکی و گەڕەکە ناوەندییەکانی شارەکە کردووە.

ئۆلێکسی ئەریستۆڤیچ، راوێژکاری سەرۆک ئۆکراین رایگەیاند، شەڕی سەخت لە شاری پوپاسنا بەردەوامە، ھاوکات حاکمی ھەرێمی لۆھانسک رایگەیاند، تائێستاش ئەو ناوچانە لە ژێر دەستی سوپای ئۆکرایندان.