زیلینسکی چوار مەرجی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ روسیا ڕاگەیاند

2022-05-07   |  
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین، چوار مەرجی سەرەکی وڵاتەکەی دیاریکرد، بۆ دەستپێکردنی گفوگۆی ئاشتی لەگەڵ ڕوسیا.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، زیلینسکی چوار مەرجی دیاریکردووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ڕوسیا، کە بریتین لە گەڕانەوە بۆ سنوری ئۆکراین پێش ھێرشەکەی روسیا و گەڕاندنەوەی پێنج ملیۆن ئاوارەی وڵاتەکەی و بوون بە ئەندامی ئۆکراین لە ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا و لێپرسینەوە لە سەرکردە سەربازییەکانی ڕوسیا، ئەو کاتە کیێڤ بیر لە چەکدانان دەکاتەوە.

سەرۆکی ئۆکراین مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ڕوسیا لە کۆنفرانسێکدا لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە ڕاگەیاند، کە دامەزراوەی چاتام ھاوس بۆ توێژینەوە لە لەندەن ڕێکخستبوو.

مەرجەکانی زیلینسکی لە کاتێکدایە، ئۆکراین و وڵاتانی خۆرئاوا لە چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکی دراماتیکیدان لەشەڕی ئۆکراین، چونکە دوو ڕۆژی دیکە مۆسکۆ ئاھەنگ  دەگێڕیت بە بۆنەی ڕۆژی سەرکەوتنیەوە لە جەنگی دووەمی جیھان و کەوتنی نازییەکان، کە چاوەڕانن مۆسکۆ بەو بۆنەیەوە بڕیاری ئاگربەست بدات لە ئۆکراین.