روسیا: سەربازێکمان لە تێکشکانی کەشتیی مۆسکۆڤا کوژراوە

2022-04-23   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بۆ یەکەمجار وەزارەتی بەرگریی روسیا دان بە کوژرانی سەربازێک و بێسەروشوێنبوونی ٢٧ سەربازی تری وڵاتەکەیدا دەنێت، لە ئەنجامی تێکشکانی کەشتیی جەنگیی مۆسکۆڤا.

وەزارەتی بەرگریی روسیا بڵاویکردەوە، ھەفتەی رابردوو لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی کەشتیی جەنگیی مۆسکۆڤا لە دەریای رەش، سەربازێکی روسیا گیانی لە دەستداوە و ٢٧ سەربازی تریش کە لە ئەندامانی کەشتییەکە بوون بێسەروشوێنبوون و ٣٩٦ کەسی تریش بەرلە ژێرئاوکەوتنی کەشتییەکە رزگارکراون.

ئەو دانپێدانانەی روسیا لە کاتێکدایە، دوای چەند سەعاتێک لە تێکشکانی کەشتیی جەنگیی مۆسکۆڤا، وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، سەرجەم ئەندامانی کەشتییەکە بە تەواوەتی رزگارکراون، کە بەپێی ھەواڵی میدیاکانی روسیا ژمارەیان نزیکەی ٥٠٠ کەس بووە.