ئەردۆغان: ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی سەرۆکانی روسیا و ئۆکراین دەکەین

2022-04-22   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت، ئامادەکاری بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی لوتکە لە نێوان سەرۆکانی روسیا و ئۆکراین لە ئیستەنبوڵ دەکات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، پلان دادەنێت بۆ ئەنجامدانی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین لە رۆژانی داھاتوودا، لەپێناو چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی سەرۆکانی ئەو دوو وڵاتە لە ئیستەنبوڵ.

وتیشی، ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان روسیا و ئۆکراین ئەرێنییە، بەڵام وەک ئەوە نییە کە دەیانەوێت، ھیواشی خواست سەرۆکانی روسیا و ئۆکراین رازی ببن بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی لوتکە لە نێوان لە شاری ئیستەنبوڵ لە تورکیا.

تائێستا وەزیرانی دەرەوەی ئۆکراین و روسیا و وەفدی دانوستانکاری ئەو دوو وڵاتە، بە ئامانجی رێککەوتن و کۆتاییھێنان بە جەنگ، دوو کۆبوونەوەیان لە شارەکانی ئەنتاڵیا و ئیستەنبوڵ لە تورکیا ئەنجامداوە، بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە.