ئەڵمانیا بودجە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە غازی روسیا تەرخان دەکات

2022-04-16   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەڵمانیا سێ ملیار یۆرۆ بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە غازی سروشتیی روسیا تەرخان دەکات، بە بەھای دوو ملیار یۆرۆش چەک رەوانەی ئۆکراین دەکات.

کریستیان لەندەنەر، وەزیری دارایی ئەڵمانیا رایگەیاند، پێویستە بە زووترین کات و بە شێوەیەکی بەردەوام، پشتبەستن بە ھاوردەکردنی غازی شلی سروشتیی روسیا کەمبکەنەوە و ٢ ملیار و ٩٤٠ ملیۆن یۆرۆش بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکەن، راشیگەیاند، بەھۆی نیگەرانییەکانی کیێڤ لە نەبوونی چەکی قورس بۆ روبەڕوبوونەوەی سوپای روسیا، حکومەتی ئەڵمانیا بە بڕی زیاتر لە دوو ملیار یۆرۆ چەکی قورس رەوانەی ئۆکراین دەکات.

لە سەرەتای دەستپێکردنی ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، وڵاتانی ئەوروپا لەسەروو ھەموویانەوە ئەڵمانیا، وەک رێکارێک بۆ سزادانی روسیا نیازی خۆیان بۆ کەمکردنەوەی پشتنبەستن بە غازی سروشتیی ئەو وڵاتە دەربڕی و سزای توندی ئابوورییان بەسەر روسیادا سەپاند.