باڵیۆزی ئۆکراین لە ئەڵمانیا: رێگەدان بە خۆپیشاندانی پشتیوانی لە روسیا شەرمەزارییە

2022-04-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە چەند شارێکی ئەڵمانیا خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی روسیا لە جەنگی ئۆکراین رێکخرا، باڵیۆزی ئۆکراینیش لە ئەڵمانیا دەڵێت رێگەدان بە رێکخستنی ئەو خۆپیشاندانە شەرمەزارییە بۆ حکومەتی ئەڵمانیا.

لە شاری "فرانکفۆرت" نزیکەی ٨٠٠ رەوەندی روسی خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانی لە وڵاتەکەیان رێکخست و ئاڵای روسیایان بەرز کردەوە، لە شاری "ھانۆڤەر"یش خۆپیشاندانی پشتیوانی و ناڕەزایی بەرمبەر روسیا بەڕێوەچوو، بە شێوەیەک ٣٥٠ ئۆتۆمبێل بۆ پشتیوانی روسیا رێگەکانیان گرت و ٣ ھەزار و ٥٠٠ کەسی تریش بۆ پشتیوانی لە ئۆکراین رژانە سەر شەقامەکانی ئەو شارە و ژمارەیەکی زۆر ھێزی ئەمنیش بڵاوکرابوونەوە.

لە بەرامبەردا، "ئەندریە میلنیک" باڵیۆزی ئۆکراین لە ئەڵمانیا رایگەیاند، رێگەپێدان لەلایەن لێپرسراوانی ئەڵمانیاوە بۆ رێکخستنی ئەو خۆپیشاندانانە شەرمەزارییە و ئاماژەیەکە بۆ شکستی سیاسەتی حکومەتی بەرلین بەرامبەر مۆسکۆ، کە ھەر لەسەرەتاوە دوو دڵییان پێوە دیار بووە.

لە ئەڵمانیا نزیکەی یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار روسی و ٣٢٥ ھەزار ئۆکراینی دەژین، لە سەرەتای جەنگیشەوە لانی کەم ٣١٦ ھەزار پەنابەری تری ئۆکراینی گەیشتوونەتە ئەڵمانیا.