محەمەد حەسیب: کۆمپانیای کار بەنزینی ٦٩٠ تەنھا بۆ ھەولێر و دھۆک دابین دەکات

2022-04-09   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نوسراوێکی ئاڕاستەی وەزیری نەوتی عێراق کردوە و داوا دەکات بەشە بەنزینی پارێزگای سلێمانی زیاد بکات، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلیمانیش دەڵێت، ماوەی ھەفتەیەکە بەشە بەنزینی بەغداد بۆ سلێمانی نەھاتووە.

محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلیمانی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، بەنزینی ٦٩٠ دیناری لە ھەولێر و دھۆک بەردەوامە، و کۆمپانیای کار ئەو بەنزینە دابین دەکات، بەڵام کۆمپانیای کار ھیچ بڕێک بۆ سلێمانی ڕەوانە ناکات.

وتیشی، پێشتر لە پاڵاوگەی بێجی ١٤ تانکەر بەنزینی عێراقی بۆ سلێمانی و ھەڵەبجە ھاتووە، و دواتر کەمکراوەتەوە بۆ ٧ تەنکەر، بەڵام ماوەی ھەفتەیەکە پاڵاوگەی بێجی بەشە بەنزینی شارەکانی ھەرێم بۆ پارێزگای موسڵ ڕەوانە دەکات.

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکانیش لە پەرلەمانی کوردستانیش ئاشکرایکردووە، حکومەت پشکی بەنزینی سلێمانی داوە بە کۆمپانیایەک.