ھێزەکانی ئۆکراین تەواوی ناوچەکانی دەوروبەری کیێڤ کۆنتڕۆڵدەکەنەوە

2022-04-03   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی بەرگری ئۆکراین کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکانی دەوروبەری "کیێڤ"ی پایتەختی راگەیاند و ھێزەکانی روسیاش لە چەندین ناوچە کشاونەتەوە.

"ھانا مالیار" جێگری وەزیری بەرگری ئۆکراین رایگەیاند، لە ٣٨ەمین رۆژی داگیرکاری روسیا بۆ سەر ئۆکراین، سەربازانی وڵاتەکەی توانیویانە تەواوی ناوچەکانی دەوربەری "کیێڤ" کۆنتڕۆڵ بکەنەوەو پاشەکشە بە ھێزەکانی روسیا لە چەندین ناوچە بکەن، بەڵام مۆسکۆ رایگەیاندووە کشانەوەیان بۆ نیەتپاکی و بەرەوپێشبردنی دانوستانەکانە لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن. 

دەستەی ئەرکانی گشتی ھێزە چەکدارەکانی ئۆکراین رایگەیاندووە، ھێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی روسیا زۆر کەمیووەتەوەو چەندین یەکەشی لەڕێی باکوری وڵاتەکە کشاندۆتەوە. 

ھاوکات بەیانی ئەمڕۆ لە شاری "ئۆدێسا"ی ستراتیژی لە باشوری ئۆکراین دەنگی چەندین تەقینەوە بیستراوە و دوکەڵ لە شارەکە بەرزبۆتەوە، لایەنی ئۆکراینی دەڵێت روسیا ئەو شارەی بۆردوومان کردووە، بەڵام روسیا ھیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە.