دیلۆیت: داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ٩ ملیار دۆلار بووە

2022-03-31   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ڕاپۆرتی کۆمپانیای وردبینی جیھانی دیلۆیت لەبارەی ھەناردەکردن، بەکاربردن، خەرجی و داھاتەکانی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ بڵاوکرایەوە و بەپێی ڕاپۆرتەکە کۆی گشتی داھاتی نەوت لەو ساڵەدا نزیکەی ٩ ملیار دۆلار بووە.

کۆمپانیای دیلۆیت-ی جیھانی وردەکاری داھاتی نەوتی ھەرێمی کوردستانی لە چوار ڕاپۆرتی جیادا نوسیوە و دەڵێت بۆ ھەر چوار چارەگی ساڵی ٢٠٢١ بڵاوکردەوە کە لەو ساڵەدا زیاتر لە ١٥٢ ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت لەکۆی ئەو داھاتەی دەست حکومەتی ھەرێمی کوردستان کەوتووە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ٥ ملیار دۆلار بۆ خەرجی نەوت تەرخانکراوە.

لە ماوەی نێوان ١ی نیسانی ٢٠٢١ تاوەکو ٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢١ زۆرترین بڕی نەوت بە بۆری ھەناردەکراوە و کۆی گشتی لەو ماوەیەدا گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٩ ملیۆن بەرمیل نەوت.

زۆرترین داھاتی نەوتیش کە حکومەتی ھەرێم لە فرۆشتنی نەوت دەستی کەوتووە لە چارەکی چوارەمی ساڵی ٢٠٢١دا بووە و بڕەکەی گەیشتووەتە زیاتر لە ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار.

کۆمپانیای دیلۆیت لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، تێکڕای نرخی بەدەستھاتوو بۆ یەک بەرمیل نەوتی فرۆشراو بە بۆری لەنێوان ٥٧ دۆلار و ٧٠ سەنت بۆ ٦٨ دۆلار و ٤٢ سەنت بووە.