لاڤرۆڤ: پوتن تەنھا مەرجێکی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ زیلینسکی ھەیە

2022-03-28   |  
سێرگی لاڤرۆڤ
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
"سێرگی لاڤرۆڤ" وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، "ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی روسیا بە مەرجی رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی باش، ئامادەیە لەگەڵ "ڤۆلۆدمیر زیلینسکی" سەرۆکی ئۆکراین کۆببێتەوە.

"لاڤرۆڤ" لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، "پوتن" ھیچ کات چاوپێکەوتن لەگەڵ "زیلینسکی" رەتناکاتەوە و تاکە مەرجیشی ئەوەیە ئامادەکارییەکی زۆر باش بۆ کۆبوونەوەکەیان بکرێت.

"لاڤرۆڤ" وتیشی، دەبێت لە دانوستانەکاندا باسی رەوشی دانیشتووانی ھەرێمی "دۆنباس" بکرێت و چیتر بە دەست رژێمی کیێڤەوە دووچاری نەھامەتی نەبن، چونکە بە وتەی روسیا دانیشتووانی ئەو ناوچەیە لەلایەن ئۆکراینەوە روبەڕوی کۆمەڵکوژی دەبنەوە.

لێدوانەکەی "لاڤرۆڤ" ھاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانی نێوان وەفدی روسیا و ئۆکراین لە تورکیا و بڕیارە چەند رۆژێک بخایەنێت.