کۆمسیۆن: تا ئێستا ملیۆنێک و ٧٠٠ ھەزار دەنگدەر کارتی دەنگدانیان نوێکردووەتەوە

2021-04-27   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، تا ئێستا ملیۆنێک و ٧٠٠ ھەزار دەنگدەر کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە، بە دووریشی زانی وادەی وەرگرتنەوەی ناوی ھاوپەیمانیەتی و لیستی تایبەت بە کاندیدەکان، درێژبکرێنەوە.

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، ڕایگەیاند: کۆمسیۆن بە نیاز نییە وادەی وەرگرتنەوەی ھاوپەیمانیەتییەکان و لیستی تایبەت بە کاندیدەکانی ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق درێژبکاتەوە.


وتیشی، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان پێشتر کاتی وەرگرتنەوەی ھاوپەیمانیەتییەکان و لیستی تایبەت بە کاندیدەکانی درێژکردبووەوە، بۆ ئەوەی دەرفەتێک بدرێت بە قەوارەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە.


سەبارەت بە نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانیش ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، تا ئێستا ملیۆنێک و ٧٠٠ ھەزار دەنگدەر کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە.


جەختیشی لەوەکردەوە، تەنیا ئەو دەنگدەرانەی کارتی بایۆمەتریان ھەیە، دەتوانن بەشداری لە ھەڵبژاردندا بکەن، بە پێی داتاکانی کۆمسیۆنیش ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ ھەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن ھەیە.