تورکیا: نابێت ھەمووان پردی پەیوەندیی لەگەڵ مۆسکۆ تێکبدەن

2022-03-27   |  
ئیبراھیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئیبراھیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا لەبارەی شەڕی ئۆکراین ڕایگەیاند، پێویستە گوێ لە بەڵگە و بەھانەکانی ڕووسیاش بگیرێت تایبەت بە ئاسایشی وڵاتەکەی.

ئیبراھیم کاڵن لە وتەیەکدا لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی دەوحەی پایتەختی قەتەر ڕایگەیاند، ھیچ گومانی تێدا نییە پێویستە کۆمەک بە ئۆکرایینەکان بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن، بەڵام پێویستە دەرگای گفتوگۆکانیش لەگەڵ ڕووسیا کراوە بن.

وتیشی، پێویستە گوێ لە بەڵگە و بەھانەکانی ڕووسیا بگیرێت، سەبارەت بەئاسایشی وڵاتەکەی، چونکە ئەگەر ھەموو لایەک پردەکانی پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا تێکبدەن، ئەو کاتە چۆن دەتوانرێت پەیوەندیی بە مۆسکۆوە بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدا، تا ئێستا چەند جارێک تورکیا ھەوڵی ناوبژیوانی داوە لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراین، بەمەبەستی کۆتایی ھێنان بە ھێرش و ڕوبەڕوبوونەوەکانی ھەردوو وڵات، بەڵام تا ئێستا ھەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون.

نزیکەی مانگێکە ڕووسیا ھێرشی بۆسەر ئۆکراین دەستپێکردووە، بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە باس لە ژمارەی قوربانییەکان دەکات، لە نێوان مانگی ٢٤ی شوبات تاوەکو ٢٦ی ئازار ١ ھەزار و ١١٩ ھاوڵاتی بەھۆی شەڕی ئۆکراین کوژراون و لە نێوان قوربانییەکاندا ٥٢ منداڵ ھەن لەگەڵ ١٥ ژن و ٣٢ پیاو ھەن.