نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی ھاوڵاتییە کوژراوەکانی شەڕی ئۆکراین گەیشتە ١١١٩

2022-03-27   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە شەڕی ئۆکرایندا بۆ ١ ھەزار و ١١٩ کوژراو بەرزبووەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ١ ھەزار و ٧٩٠ کەس.

بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە باس لە ژمارەی قوربانییەکان دەکات، لە نێوان مانگی ٢٤ی شوبات تاوەکو ٢٦ی ئازار ١ ھەزار و ١١٩ ھاوڵاتی بەھۆی شەڕی ئۆکراین کوژراون و لە نێوان قوربانییەکاندا ٥٢ منداڵ ھەن لەگەڵ ١٥ ژن و ٣٢ پیاو ھەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری ژمارەی قوربانییەکان دەکات و زۆربەیان بەھۆی بۆردومانەکان تۆپباران و ھێرشە مووشەکییەکان گیانیان لەدەستداوە.

نزیکەی مانگێکە ڕووسیا ھێرشی بۆسەر ئۆکراین دەستپێکردووە، ئەمڕۆ سوپای ئۆکراین، شاری "ترۆستیانێتس"ی لە باکووری خۆرھەڵاتی وڵاتەکە کۆنتڕۆڵکردەوە، بەریتانیاش بە مەرج سزاکانی لەسەر ڕووسیا ھەڵدەگرێت.

بە پێی ھەواڵی میدیاکانی ئۆکراین، سوپای ڕووسیا لە شاری "ترۆستیانێتس" لە ھەرێمی سوومی لە باکووری خۆرھەڵاتی ئۆکراین کشاوەتەوە و ھێزەکانی ئۆکراین شارەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە، لە بەرامبەردا سوپای ڕووسیا چوونەتە شاری "سلاڤووتچ"، لە نزیک دامەزراوەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵ لە باکووری ئۆکراین.

لە لایەکی ترەوە، لیزە ترەس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، ئەو سزایانەی بەسەر ڕووسیادا سەپاندوویانە لادەبرێن، ئەگەر ڕووسیا ئاگربەست رابگەیەنێت و تەواوی ھێزەکانی لە ئۆکراین بکشێنێتەوە، ھاوکات ھەواڵگیریی بەریتانیاش رایگەیاند، ڕووسیا دەیەوێت سوپای ئۆکراین لە دەوروبەری دۆنباس گەمارۆ بدات،  لە لایەکی ترەوە وەزارەتی ناوخۆی ئۆکراین رایگەیاند، ڕووسیا ھەوڵ دەدات ناوەندە نەوتیی و خۆراکییەکان لە شارەکانی ئۆکراین لەناوببات.