سەرۆکی ئۆکراین دووبارە داوای دانوستانی ئاشتی لە پوتن دەکات

2022-03-22   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین پێشنیازی دانوستانی ڕاستەوخۆ لە ڤلادمیر پوتن دەکات، دەڵێت کە تەنانەت چارەنوسی ھەرێمە ناکۆکەکان مایەی گفتگۆیە و دەکرێت لە ڕیفراندۆمێکدا یەکلای بکرێنەوە.

زیلینسکی بە میدیا ناوخۆیەکانی ڕاگەیاند کەوا ئامادەیە بە ھەر شێوەیەک بێت چاوی بە پوتن بکەوێت بۆ کۆتاییھێنان بەو جەنگەی مانگێکە بەردەوامە. 

وتیشی "ئامادەین گفتوگۆ بکەین لەسەر چارەنوسی کریمیا و ئەو نیمچە دەوڵەتانەی لە دۆنباس ڕووسیا پشتیوانیان دەکات. ئەگەر چاوم بە پوتن بکەوێت دەستبەجێ ئەم بابەتانە باس دەکەم و کێشە مێژووییەکان وەلا دەخەم و بەھەموو پرسەکاندا دەچینەوە ئەگەر ڕوسیا ئامادە بێت."

ھەروەھا وتیشی "ئایا ئەتوانین ھەمووی چارەسەر بکەین؟ نەخێر، بەڵام دەتوانین کۆتایی بە جەنگەکە بھێنین." 

ھەرچەندە زیلینسکی ئامادەی خۆی بۆ دانوستان دەربڕی لەسەر چارەنوسی ھەرێمە داگیرکراوەکانی ئۆکراین، بەڵام ئەوەی دوتپاتکردەوە کەوا ئەو ناوچانە ئۆکراینین و خۆیان بە دەستەوە نادەن. وتیشی ھەر ڕێکەوتنێک کە گۆڕانکاری مێژووی بکات دەبێت لە ڕێفراندۆمدا یەکلایی بکرێتەوە.

سۆنیا مایکاک، شارەزای کاروباری ئۆکرانیا لە زانکۆی نەتەوەی ئوسترالیا وتی بە گوێرەی ئەو ڕاپرسیانەی لەم دواییەدا کراون لە سەدا ٨٠ی ئۆکراینیەکان خۆیان بەدەستەوە نادەن و پێناچێت ئۆکراینیەکان دەنگ بە دابڕانی ھەرێمێکی وڵاتەکەیان بدەن. 

دانوستانی نێوان ئۆکراین و ڕووسیا مانگێکە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا بێئەنجام بووە. بەھۆی شەڕی ئۆکراین نزیکی ٣ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس ئاوارە بوون.

سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند جەنگەکە ھەر دەبێت لە سەر مێزی گفتوگۆ کۆتای پێ بێت و پوتن بە تێکشکاندنی ئێمە خۆی تێک دەشکێنێت.