ئەمریکا داوا لە تورکیا دەکات دەستبەرداری سیستەمی ئێس ٤٠٠ بێت بۆ ئۆکراین

2022-03-22   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمریکا فشار لە تورکیا دەکات سیستمی بەرگریی مووشەکیی ئێس ٤٠٠ی ڕووسی، ڕەوانەی ئۆکراین بکات و گەڕاندنەوەی تورکیاش بۆ پڕۆگرامی فڕۆکەی ئێف ٣٥، دەکاتە مەرج بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییە.

حکوومەتی تورکیا ڕووبەڕووی پێشنیازێکی سەختبووەتەوە، کە لە لایەن وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە پێشکەشی کراوە، بە جۆرێک ئەمریکا پێشنیازی بۆ تورکیا کردووە، لە بەرامبەر ناردنی سیستمی بەرگریی مووشەکیی ئێس ٤٠٠ی دروستکراوی ڕووسیا بۆ ئۆکراین، ئەنقەرە بگەڕێتەوە بۆ پڕۆگرامی دروستکردنی فڕۆکەی ئێف ٣٥، کە پڕۆگرامێکی ھاوبەشە لە نێوان ئەمریکا و تورکیا و ساڵی ٢٠١٩، بەھۆی کڕینی ئێس ٤٠٠ لە ڕووسیا، واشنتۆن ئەنقەرەی لە پڕۆگرامەکە دوورخستەوە.

ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جۆ بایدن، لە دوای دەستپێکردنی ھێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین لە ٢٤ی مانگی ڕابردوو، داوای لە دۆستەکانی کردووە، بە تایبەت ئەوانەی چەک و سیستمی بەرگریی ڕووسی، وەک سیستمەکانی ئێس ٣٠٠ و ئێس ٤٠٠ بەکاردەھێنن، ئەو سیستمە بەرگرییانە بۆ شەڕ لە دژی ڕووسیا، ڕەوانەی ئۆکراین بکەن.

تورکیا لە بەرامبەر پێشنیازەکەی ئەمریکا بێدەنگی ھەڵبژاردووە و تائێستا ھیچ وەڵامێکی نییە، تەنھا ئەوەندە نەبێت میدیاکانی تورکیا بە گاڵتەجاڕییەوە باس لە پێشنیازەکەی ئەمریکا دەکەن، چاودێرانیش پێیانوایە ئەو پێشنیازەی ئەمریکا، تورکیای دووچاری دووڵیی کردووە، چونکە تورکیا بە سیفەتی ئەندامێتی لە ناتۆ، کۆمەڵێک ئەرکی لەسەرە، بەڵام خاوەنی پەیوەندییەکی ھاوسەنگیشە لەگەڵ ڕووسیا، ھەربۆیە ئەستەمە ئەو پێشنیازە جێبەجێبکرێت، چونکە تورکیا لە کاتی کڕینی ئەو سیستمە دژە مووشەکییە لە ڕووسیا، گرێبەستی کردووە کە نابێت دەستبەرداری سیستمەکە ببێت یان بیبەخشێت بە وڵاتی تر.

تورکیا لە سەرەتای دەستپێکردنی ھێرشەکەی ڕووسیا، وەک جۆرێک لە بێلایەن و نێوەندگیر دەرکەوتووە، سەرەتای ئەم مانگە کۆبوونەوەی بۆ وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئۆکراین لە ئەنتاڵیا ڕێکخست، ھاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، پێشنیازی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی لە نێوان سەرۆکانی روسیا و ئۆکراینی لە ئەنقەرە کردووە، ھەربۆیە ئەو ڕۆڵەی تورکیا زیاتر جێبەجێکردنی ئەو پێشنیازەی ئەمریکا سەخت دەکات، چونکە تورکیا دەزانێت ناردنی چەکی ڕووسیا بۆ ئۆکراین بۆ شەڕ لە دژی خودی ڕووسیا، بە بێوەڵامی توند لە لایەن مۆسکۆوە تێناپەڕێت.