ئەمریکا داوا لە تورکیا دەکات سیستەمی ئێس ٤٠٠ بداتە ئۆکراین

2022-03-20   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمریکا داوای لە تورکیا کردووە سیستەمی مووشەکی ئێس ٤٠٠ بدات بە ئۆکراین و لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی لە دژی ڕووسیا بەکاربھێنرێت، میدیا جیھانییەکانیش باس لەوە دەکەن داواکارییەکە بە شێوەیەکی ڕەسمی نەبووە و مەحاڵە تورکیا قایل بێت.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەک، کە ناویانی بڵاونەکردووەتەوە، ڕایگەیاند بەرپرسانی ئەمریکا مانگی ڕابردوو پێشنیازیان کردووە بۆ تورکیا سیستەمە موشەکییەکە بدات بە ئۆکراین، بەڵام داواکارییەکە فەرمی نەبووە.

ھەروەھا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وێندی شیرمان لە سەردانێکیدا بۆ تورکیا ھەمان داواکاری لە تورکیا کردووە و باسی ئەو ھاوکارییانەی کردووە کە واشنتن بە نیازە پێشکەشی ئۆکراینی بکات.

ئیدارەی بایدن پێشتریش داوای لە بەشێک لە ھاوپەیمانەکانی کردووە سیستمی مووشەکی ئێس ٤٠٠ی ڕووسی و ئێس ٣٠٠ بدەن بە ئۆکراین، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ لێدوانێک لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە نەدراوە لە بارەی ئەم داواکارییەی ئەمریکا.

لە ساڵی ٢٠١٩ واشنتن داوای لە تورکیا کرد سیستەمی مووشەکی ئێس ٤٠٠ لە ڕووسیا نەکڕێت، بەڵام ئەنقەرە ڕەتیکردەوە و ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەردا سەپاند.