زیانی ڕووسیا لە ئۆکراین لە زیانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان زۆرترە

2022-03-17   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەھۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی ڕووسیا بۆ سەر باڵەخانەیەکی مەدەنی لە کیێڤ کەسێک گیانی لە دەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەرپرسانی خارکیڤیش ئاشکرایان کردووە لە بۆردوومانێکی سوپای ڕووسیا لە شارەکەدا لانی کەم ٢١ کەس گیانیان لە دەستداوە.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینیش دەڵێت، تا ئێستا بەھۆی بۆردوومانەکانی ڕووسیاوە ١٠٨ منداڵی ئۆکراینی گیانیان لە دەستداوە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش لە زاری سەرچاوەیەکی دەزگای ھەواڵگری ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، لە سێ ھەفتەی ڕابردوودا حەوت ھەزار سەربازی ڕووسی لە جەنگی ئۆکرایندا کوژراون، بەم جۆرەش ژمارەی کوژراوەکانی سوپای ڕووسیا لە ئۆکرین زیاترە لە ژمارەی کوژراوەکانی سوپای ئەمریکا لە جەنگی ٢٠ ساڵەی عێراق و ئەفغانستان.

لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی سەپاندنی ناوچەی دژە فڕینی لە ئۆکراین ڕەتکردەوە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ئەو سیستمە بەرگرییانەی بە سوپای ئۆکراینیان داوە چالاکن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ھێزەکانی ڕووسیا.

دوای سەردانەکەی مەولود چاوشئۆغڵو بۆ شاری لڤیڤی ئۆکراین و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆک ڕووسیا ئەنجامدا و داوای لێکرد لە تورکیا لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین کۆببنەوە و بە ڕێگەی دیپلۆماسیی کێشەکانیان چارەسەر بکەن.