ڕاوێژکارێکی سەرۆکایەتی ئۆکراین: ڕەنگە مانگی ئایار شەڕ کۆتایی بێت

2022-03-15   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ڕاوێژکارێکی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئۆکراین پێشبینیدەکات شەڕی ڕووسیا دژی وڵاتەکەی لە مانگی پێنجی ئەمساڵ کۆتاییبێت و ڕێککەوتنێکی ئاشتی لە نێوان ھەردوولا واژوو بکرێت.

میدیاکانی ئۆکراین لێدوانێکی ئەو ڕاوێژکارەیان بڵاوکردووەتەوە، لە لێدوانەکەدا ئۆلێکسی ئەریستۆڤیچ دەڵێت کاتی کۆتاییھاتنی شەڕ لە ئۆکراین بەندە بەوەی تا چەند مۆسکۆ بەرگەی کاردانەوەکان لە دژی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دەگرێت.

ئەریستۆڤیچ دەڵێت "لەو بڕوایەدام کە پێش مانگی ئایار، یان لە سەرەتای مانگی ئایار، دەبێت ڕێککەوتنێکی ئاشتی بکەین، یاخود دەشێت زۆر زووتریش ئەمە ڕووبدات، با بزانین چی دەبێت، من باسی دواین کاتی شیاو دەکەم."

ئەو ڕاوێژکارە ئۆکراینییە دەڵێت دوو بژاردەمان لە بەردەستدایە؛ دەکرێت سیناریۆیەکی "زۆر شێتانە" لەلایەن ڕووسیاوە لە ئارادا بێت بۆ ناردنی ھێزی زیاتر، یاخود دەکرێت ڕێککەوتنێکی ئاشتی بگاتە ئەنجام و ڕووسیا ھەموو ھێزەکانی بکشێنێتەوە.

ناوبەناو شاندی دانوستانی ڕووسیا و ئۆکراین بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕ کۆدەبنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بێجگە لە چەند ڕێڕەوێکی مرۆیی، کۆبوونەوەکان ھیچیان لێ سەوز نەبووە و ھیچ ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕ نەکراوە.