سوپای ڕووسیا ھەنگاو بەرەو کۆنتڕۆڵکردنی کیێڤ دەنێت

2022-03-12   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کاروانێکی سەربازیی ڕووسیا بەرەو کیێڤی پایتەختی ئۆکراین جوڵە دەکات، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش رایدەگەیەنێت، سوپای ڕووسیا تەنھا نۆ میل لە ناوەندی کیێڤەوە دوورن.

بە پێی  دیمەنی مانگە دەستکردەکان، کاروانێکی سەربازیی ڕووسیا کە درێژی کاروانەکە ٦٤ کیلۆمەترە و بە "کاروانی مەرگ" ناودەبرێت، دوای وەستانی بۆ ماوەی ٢ ھەفتە لە سنوورەکانی باکووری کیێڤ بەھۆی نەمانی سووتەمەنی و ھێرشی سوپای ئۆکراین، بەرەو ناوەندی شارەکە دەستی بە جوڵە کردووە.

لەبارەی جوڵەی ئەو کاروانە سەربازییەی ڕووسیا، رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ئەو ھێزە شاری کیێڤ گەمارۆ بدات.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش، بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، سوپای ڕووسیا لە شاری کیێڤی پایتەختی ئۆکراین نزیکبوونەتەوە و تەنھا نۆ میل لە ناوەندی شارەکەوە دوورن.