ئەمڕۆ لە چەند شارێکی ئۆکراین ئاگربەست بۆ کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی رادەگەیەندرێت،"ڤۆلۆدمیر زیلینسیکی" سەرۆکی ئۆکراینیش دەڵێت دەبێت جەنگ رابگیرێت و لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن.
لە دوای تێپەڕبوونی دوو ھەفتە بەسەر دەستپێکردنی شەڕی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، راگەیاندنی ئاگربەست بۆ کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی لە چەند شارێکی ئۆکراین بەردەوامە، شارەکانیش "سومی و خارکیڤ و ماریوپوڵ و چیرنیگیڤ" دەگرێتەوە، کردنەوەی ئەو رێڕەوانەش ستراتیژییەتێکی نێودەوڵەتییە بۆ رزگارکردنی مەدەنییەکان و کەمکردنەوەی نەھامەتییەکانیان لە کاتی جەنگدا.
ھاوکات "ڤۆلۆدمیر زیلینسکی" سەرۆکی ئۆکراین لە وتەیەکیدا سوپاسی "جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ھاوردەی نەوتی روسیا و وتی دەبێت جەنگ رابگیرێت و دانوستانێکی شەفاف و پاک لەپێناو بەرژەوەندی گەل بکرێت.