رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ھۆشداری لە رەوشی ماریۆپۆل دەدات

2022-03-06   |  
شاری ماریۆپۆل
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، ھۆشداری لە رەوشی مرۆیی لە شاری ماریۆپۆل لە باشووری خۆرھەڵاتی ئۆکراین دەدات و دەڵێت، خواردن و ئاو لە شارەکە نەماوە.

رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، رەوشی مرۆیی لە ماریۆپۆل کارەساتە و خواردەمەنی و ئاو لە شارەکە نەماون و ھێڵەکانی کارەبا و ئینتەرنێت و تەلەفۆن پچڕاون و خەڵک بۆ دەستکەوتنی ئاو پەنا بۆ کۆکردنەوەی بەفر و باراناو دەبن.

پزیشکانی بێسنوور دەشڵێت، بەھۆی شەڕوپێکدادانەکانەوە زیانی ماددی زۆر بەر نەخۆشخانە و باڵەخانە و شوێنی نیشتەجێبوونی مەدەنییەکان کەوتووە، کە ئێستا شارەکە لە لایەن سوپای روسیاوە بە توندی گەمارۆ دراوە.

شاری ماریۆپۆل دەکەوێتە باشووری خۆرھەڵاتی ئۆکراین و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی نیو ملیۆن کەسە، ساڵی ٢٠١٤ دوای راگەیاندنی ھەرێمی دۆنێتسک لە ناوچەی دۆنباس، شارەکە خرایە سەر ئەو ھەرێمە، بەڵام لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤ سوپای ئۆکراین شارەکەی کۆنتڕۆڵکردەوە.