ڕووسیا ئاگربەستی لە دوو شاری ئۆکراین ڕاگەیاند

2022-03-05   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ڕووسیا ئاگربەستی لە دوو شاری ئۆکراین ڕاگەیاند و ڕێڕەو بۆ گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی و دەرچوونی مەدەنییەکان دەکاتەوە.

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە ھەردوو شاری "ماریۆپول و ڤۆلنۆڤاخا" لە خۆرھەڵاتی ئۆکراین، ئاگربەستیان بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی سەلامەت بە مەبەستی گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بە ھاووڵاتیان و دەربازبوونی مەدەنییەکان لە شارەکان دەستپێکردووە، بەڵام ماوەی ئاگربەستەکەی ئاشکرا نەکرد.

ڕاشیگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی ھێرشەکانیان، ٥٦ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و ٨٢ فڕۆکەی جەنگی و ٧٠٨ تانک و ٢ ھەزار و ٣٧ پێگەی سەربازیی ئۆکراینیان لەناوبردووە.

ئەنجومەنی شاری ماریۆپولی ئۆکراینیش ڕایگەیاند، دەربازکردنی مەدەنییەکان لە شارەکە لە سەعات ١١ی بەیانی بە کاتی ناوخۆیی ئۆکراین دەستپێدەکات، بەڵام ئاژانسی ھەواڵیی ڕۆیتەرز ئاشکرایکرد، ڕووسیا لە سەعات ١٢ی نیوەڕۆ بۆ ٥ی ئێوارە، ڕێگە بە چوونە دەرەوەی مەدەنییەکان لە شاری ماریۆپول دەدات.

وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینیش ڕایگەیاند، ھێشتا سوپای ڕووسیا ھەوڵی گەمارۆدانی کیێڤ دەدات، بەڵام ھێزەکانیان بە توندی بەرگری دەکەن. وتیشی، کار لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی دەکەن.

جۆن کێربی وتەبێیژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش ڕایگەیاند، لەگەڵ ڕووسیا کەناڵێکی پەیوەندییان لە بارەی ئۆکراینەوە کردووەتەوە و بەردەوام لەسەر ھێڵ دەبن.