وەفدی ڕووسیا و ئۆکراین پێشنیازی ئاگربەستی بە پەلە دەکەن

2022-03-03   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی ڕووسیا و ئۆکراین لە سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاروس کۆتاییھات و ھەردوولا گفتوگۆیان کرد لە بارەی ڕاگەیاندنی "ئاگربەستێکی بەپەلە" و دەربازکردنی ھاوڵاتییانی سڤیل بە کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی.

ڕاوێژکاری سەرۆکی ئۆکراین، میخایلۆ پۆدۆلایک وێنەی کۆبوونەوەکەی لە تویتەر بڵاوکردووەتەوە بە بێ ئەوەی ئاماژە بە ئەنجامدانی ھیچ ڕێککەوتنێک بکات، بەڵام دەڵێت گفتوگۆیان کردووە بۆ ئاگربەست و کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی.

ئەمە دووەم جارە بەرپرسانی ڕووسیا و ئۆکراین کۆدەبنەوە، جاری پێشوو ھەردوولا لە ھەرێمی (گومیل)ی بێلاروس کۆبوونەوە و سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری ئۆکراینیش ڕایگەیاند، لەگەڵ وەفدی ڕووسیا لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتوون و بۆ ڕاوێژ دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.

سەرۆکایەتی ڕووسیاش ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی وەفدی ڕووسیا و ئۆکراین ٥ سەعاتی خایاندووە و لە داھاتووشدا خولێکی تری دانوستانەکان بەڕێوەدەچێت.

دەربارەی دانوستانەکانیش سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند، وەفدی وڵاتەکەی داوای کشانەوەی تەواوەتی سوپای ڕووسیای کردووە لە ناو خاکی ئۆکراین بە دوورگەری کریما و ھەرێمی دونباسیشەوە.

سەرۆکی ئۆکراین ڕاشیگەیاند، کیێڤ مەبەستیەتی لە کاتی گفتوگۆکاندا ھێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی ڕابگیرێت.