سوپای روسیا شاری خێرسونی لە باشوری ئۆکراین کۆنتڕۆڵ کرد

2022-03-02   |  
ھێزەکانی روسیا
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ھێزەکانی روسیا شاری خێرسونیان لە باشوری ئۆکراین کۆنتڕۆڵ کرد و لە چەند شوێنیکی تریش لە پێشڕەوییدان.

وەزارەتی بەرگری روسیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ سوپای ئەو وڵاتە توانیویەتی لە چەند لاوە بچێتەناو شاری خێرسون لە باشوری ئۆکراین و شارەکەیان بەتەواوەتی کۆنترۆڵ کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە شارەکانی خارکیڤ و کیێڤ لە پێشڕەویی خێرادان.

ئەندامێکی ئەنجومەنی خێرسون رایگەیاندووە، لە ھێرشەکەدا زیاتر لە ٢٠٠ کەس کوژراون کە زۆربەیان مەدەنین. بە پێی ھەندێک سەچاوە، ھەر ئەمڕۆ ھێزێکی تایبەتی روسیا بە پەڕەشوت چوونەتە باکوری خۆرھەڵاتی خارکیڤ و دواتر شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوان ئەو ھێزە و سەربازانی ئۆکراین لەناو شەقامەکانی خارکیڤ روویداوە، سوپای ئۆکراینیش رایگەیاند، ھێزەکەی روسیا لە خارکیڤ ھێرشی کردووەتە سەر نەخوشخانەیەک و بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر مەدەنی کوژراون کە تائێستا ژمارەکەیان بە وردی نەزانراوە.

لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ئۆکراین، ڤلادمیر پوتن سەرۆکی روسیا بڕیاریدا ھیچ ھاوڵاتییەکەی وڵاتەکەی نەتوانێت زیاتر لە ١٠ ھەزار دۆلار لەگەڵ خۆی بباتەدەرەوە، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو سزایانە دێت کە لەلایەن وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا بەسەر روسیادا سەپێنراوە.