وەزیری دەرەوەی ئۆکراین: خۆمان نادەین بەدەستەوە

2022-03-01   |  
ئۆکراین
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ھێرشی سوپای روسیا بۆ سەر ئۆکراین بەردەوامە و ھێزە ئۆکراینییەکانیش بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەیان.

دیمیتری کولیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراین رایگەیاند، خۆیان نادەن بەدەستەوە و بەردەوامن لە بەرگریکردن.

سوپای روسیاش رایگەیاند، ئۆکراینیان لە دەریای ئازۆڤ دابڕاندووە و داواش لە دانیشتوانی کیێڤ دەکات لە شوێنە سەربازییەکانی دووربکەونەوە. وەزارەتی دەرەوەی روسیاش دەڵێت، بوونی چەکە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا قبوڵکرا نییە و ئیتر کاتی ئەوەیە چەکە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا ببرێتە دەرەوە.

لەبارەی دواین پەرەسەندنەکانیش سەرۆکی ئۆکراین بە تەلەفۆن لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا گفتوگۆی کرد و داوای کرد ناوچەی دژە فڕین بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەیدا بسەپێنن و وڵاتەکەشی لە یەکێتی ئەوروپا وەربگرن. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش داوا دەکات روسیا لە ئەندامێتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ دووربخرێتەوە.

وتیشی، سوپای روسیا قوتابخانە و نەخۆشخانەکانی ئۆکراینی بۆردومان کردووە. ھاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ملیارێک و ٧٠٠ ملیۆن ھاوکاری بەپەلە دەکات بۆ ئۆکراین و دەشڵێت ژمارەی ئاوارەکانی ئۆکراین لە ناوخۆی ئەو وڵاتە یەک ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە. بەپێی ھەواڵی میدیاکانی بەریتانیاش حکومەتی ئەو وڵاتە ھەڵسەنگاندن بۆ دەرکردنی روسیا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکات.