پێنج وڵاتی ئەوروپا لەدژی ڕووسیا چەک بۆ ئۆکراین دەنێرن

2022-02-27   |  
ئۆکراین
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە ماوەی چوار ڕۆژی شەڕ و پێکدادانەکانی نیوان ڕووسیا و ئۆکراین تاوەکو ئێستا پێنج وڵاتی ئەوروپا بڕیاریانداوە لە دژی مۆسکۆ بە ناردنی چەک و سەرباز پشتگیری لە ئۆکراین بکەن.


ھەریەک لە پرتوگال، ئەڵمانیا، بەلجیکا، کۆماری چیک و ھۆڵەندا بەدەم داواکاری سەرۆکی ئۆکراین ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی ھاتوون کە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە "یارمەتی بەرگری" پێشکەش بە وڵاتەکەی بکەن.

ئەمڕۆ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵتز لە تویتێکدا نوسیویەتی "ھێرشەکەی ڕووسیا دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان. ئەوە ئەرکی ئێمەیە توانای خۆمان بخەینە گەڕ و یارمەتی ئۆکراین بین لە دژی سوپای داگیرکەری پووتین.

شۆڵتز دەشڵێت، ئەڵمانیا ھاوکاری ئۆکراین دەکات بە ناردنی ١٠٠٠ چەکی دژە تانک و ٥٠٠ مووشەک لە جۆری ستینگەر، ھەرچەندە پێشتر ئەڵمانیا ڕازینەبوو بە ناردنی چەک بۆ ئۆکراین.

لە تویتێکی دیکەدا، وەزارەتی بەرگری کۆماری چیک ڤیدیۆی کاروانێک لە چەک و تەقەمەنی داناوە و دەڵێت ئەمە بەشێک لەو ھاوکارییانەیە کە دەگوێزرێنەوە بۆ ئۆکراین.

ھۆڵەنداش بڕیاریداوە بە ناردنی ٥٣ چەکی دژە تانک، ٦٠٠ مووشەک بۆ ئۆکراین.

سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا، ئەلیکساندەر دی کروو ڕایگەیاند وڵاتەکەی ھاوکار دەبێت لە شەڕی دژی ڕووسیا و ٢ ھەزار چەکی ئۆتۆماتیک و ٣،٨٠٠ تۆن سووتەمەنی دەنێرێت بۆ سوپای ئۆکراین.

پرتوگالیش بڕیاریداوە بە ناردنی چەندین جۆر کەلوپەلی سەربازی و ھێزێکی ١٧٥ کەسی تاوەکو شانبەشانی سوپای ئۆکراین بەرگری بکەن.