وەزارەتی بەرگری ئۆکراین ئاماری کوژرا و زیانەکانی سوپای روسیا ئاشکرا دەکات

2022-02-26   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی بەرگری ئۆکراین ئاماری کوژراو و زیانەکانی سوپای ڕووسیای لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند تاوەکو ئێستا سێ ھەزار و ٥٠٠ سەربازی سوپای ڕووسیا کوژراون و نزیکەی ٢٠٠ سەربازی دیکەش بەدیل گیراون.

بەپێی ئاماری نوێی وەزارەتی بەرگری ئۆکراین کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، لە پێکدادانەکاندا سوپای ئۆکراین توانیویەتی ١٤ فڕۆکەی جەنگی ڕووسیا، ھەشت ھێلیکۆپتەر و ١٠٢ تانکی سەربازی تێکبشکێنێت. 


وەزارەتی تەندروستی ئۆکراینش ڕایگەیاند، ھەر لە ئەنجامی ھێرشەکەی ڕووسیادا ھەزار و ١١٥ کەس، کە ٣٣ کەسیان منداڵن، لە وڵاتی ئۆکراین کوژراون.


سێ ڕۆژە ھێرشی سوپای ڕووسیا بۆسەر ئۆکراین دەستیپێکردووە و سەدان ھەزار خەڵک لەو وڵاتە بەھۆی ھێرشەکەوە دەربەدەر بوون و بەرەو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ھەڵھاتوون.


ئەمڕۆش سوپای ڕووسیا ھێرشەکانی بۆسەر شاری کیڤی پایتەختی ئۆکراین چڕکردەوە و شەڕو پێکدادان لەدەوروبەری شارکە ھەیە ناوبەناویش مووشەک و ھاوەن ئاڕاستەی نێو شارەکە دەکرێن.