فەیسبوک ڕیکلامی میدیاکانی حکومەتی ڕووسیای قەدەغە کرد

2022-02-26   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئیدارەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڕیاریدا ھەموو ڕیکلامێکی دەزگا میدیاییەکانی سەر بە حکومەتی ڕووسیا قەدەغە بکات لە سەرانسەری جیھاندا، کە بۆ بەدەستھێنانی قازانجە ڕیکلامەکانیان پەخش دەکەن.

سەرۆکی بەشی سیاسەتی ئەمنی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند، ڕێگری دەکەن لە دەزگا میدیایەکانی حکومەتی ڕووسیا، ڕیکلام پیشان بدات و داھات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و ماڵپەڕەکانی دیکەی کۆمپانیاکەیان کۆبکاتەوە لە سەرانسەری جیھاندا.

پێشتریش کۆمپانیای فەیسبوک کۆت و بەندی خستە سەر ئەژماری ڕەسمی چوار دەزگای میدیایی ڕووسیا.

ئەو بڕیارەی فەیسبوک لە کاتێکدایە، حکومەتی ڕووسیاش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆت و بەندی خستبووە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لە ناوخۆیی وڵاتەکەی.